لێکۆڵه‌ره‌که بۆ خۆی دانی به‌وه‌دا نا من ته‌نها بارمتهیهکهم له ده‌ستیاندا و تا به‌ئامانجه‌کانیان نه‌گه‌ن من ده‌هێڵنه‌وه ...
شیرین عه‌له‌م هولی پێش له‌سێداره‌دانی
ماوه‌ی زیندانىبوونم چووه‌ته ناو سێ ساڵه‌وه، واته سێ ساڵ ژیانی به سۆ و ئازاراوى له‌م دیو شیشهکانى زیندانى ئه‌وینه‌وه. دوو ساڵی زیندانی بوونه‌که‌م به هه‌ڵواسراوى و به بێ بوونی پارێزه‌ر و ته‌نانه‌ت به بێ بوونی بڕیاریک بۆ زیندانیکردنم درابێت به‌سه‌ر بردووه. له‌و ماوه‌یه‌دا چاره‌نووسم به هه‌ڵواسراوى مابوویه‌وه. رۆژگه‌لێکی تاڵم له ژێر ده‌ستى سوپادا به‌سه‌ر برد، پاشانیش لێکۆڵینه‌وه‌کانی به‌شی (209)ی زیندانی ئه‌وین ده‌ستی پێ‌کرد. پاش ته‌واوبوونی قۆناغی (209) کاته‌کانى دیکه‌ی زیندانیبوونم له به‌شی گشتیدا به‌سه‌ر برد. هیچ وهڵامیکیان به داوا به‌رده‌وامه‌کانم بۆ دیاریکردنی چاره‌نووسم نه‌ده‌دایه‌وه. له ئه‌نجامدا بڕیارى نادادپه‌روه‌رانه‌ی له‌سێداره‌دانیان بۆ بڕیمه‌وه.
له‌به‌ر چی زیندانى کراوم، یان بۆ ده‌بێت له‌سێداره بدرێم؟ ئایا وه‌ڵامه‌کان به‌هۆی کوردبوونمهوهیه؟ واته ده‌ڵێم: من وه‌ک کورد له‌دایک بووم و به‌هۆی کوردبوونمه‌وه ئازار و زه‌حمه‌ت و پهراوێزخستنم چه‌شتووه.
زمانم کوردییه، به‌هۆی زمانمهوه له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه و دۆستان و ئاشناکانم په‌یوه‌ندیم دروست کردووه و له‌گه‌ڵ زمانی کوردی گه‌وره بووم و بووه‌ته پردی په‌یوه‌ندیی نێوانمان، به‌ڵام رێگامان پێ نادرێت به‌زمانی خۆم بدوێم، پێی بخوێنمه‌وه و مافی خوێندنم پێی هه‌بێت، له دوایشدا رێگا ناده‌ن به زمانی خۆم بنووسم. پێم ده‌ڵێن واز لهکوردبوونت بهێنه و نکوڵی لێ بکه، بۆیه ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر کارێکی له‌و شێوه‌یه بکه‌م نکوڵی له خۆم ده‌که‌م.
دادوه‌ری به‌ڕێز، به‌رێز لێکۆڵه‌ر!
له‌و کاته‌دا لێکۆڵینه‌وه‌تان له‌گه‌ڵ من ده‌کرد، ته‌نانه‌ت نه‌مده‌توانی قسه به زمانه‌که‌تان بکه‌م. من له‌م دوو ساڵه‌ی دواییدا له به‌شی ژنانی زیندانی ئه‌وین، زمانی فارسی له هاوڕێکانمه‌وه فێر بووم، به‌ڵام ئێوه به زمانی خۆتان لێکۆڵینه‌وه‌تان له‌گه‌ڵ کردم و بڕیارتان له‌سه‌ر ده‌رکردم. ئه‌وه له کاتێکدایه، من به باشی نه‌مده‌زانی له ده‌وروبه‌رمدا چ روو ده‌دات و منیش نه‌مده‌توانی به‌رگری له خۆم بکه‌م.
ئه‌و جۆره ئه‌شکه‌نجانه له دژی من به‌کارتان هێناوه، بوونه‌ته مۆته‌که‌ی شه‌وانم، ژان و ئازاره‌کانى رۆژانه‌شم، به‌هۆی ئه‌و ئه‌شکه‌نجانه‌وه به‌رامبه‌رم کراوه (ژان و ئازاره‌کان) خه‌ریکن رۆژه‌کانیان له‌گه‌ڵ من به‌سه‌ر ده‌به‌ن. ئه‌و پیداکێشاندنانه که له کاتی ئه‌شکه‌نجه‌کردندا بهسهرمتاندا کێشاوه، بووته هۆی زیان به‌رکه‌وتنی سه‌رم. هه‌ندێک رۆژ ژان‌و ئازارى زۆر قورس رووم تێده‌که‌ن، ژانى سه‌رم به راده‌یه‌ک قورس ده‌بێت، ئیدی نازانم چی له ده‌ورووبه‌رمدا روو ده‌دات و ئاگام له خۆم نامێنێت. بۆ چه‌ندین کاتژمێر هۆشم له‌سه‌ر خۆم نامێنێت (ده‌بورێمه‌وه)، له ئه‌نجامدا به‌هۆی قورسیی ئازار و ژانه‌وه لوتم خوێنی به‌ر ده‌بێت، پاشان هێدی هێدی ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر دۆخی سروشتیی خۆم و ئاگام له ده‌ورووبه‌رم ده‌بێته‌وه.
خه‌ڵات و دیارییه‌کی دیکه‌ی ئه‌وان (ئهشکهنجهکاران) بۆ من، کزبوونی بینایی چاوه‌کانمه، به‌رده‌وامیش کزبوونهکه روو له زیادبوون ده‌کات. هێشتا تا ئێستا داواکارییه‌که‌م بۆ وه‌رگرتنی چاویلکه بێوه‌ڵام ماوه‌ته‌وه. کاتێک گیرام و توندی زیندان کرام قژم هه‌مووی ره‌ش بوو، به‌ڵام ئێستا که سێیه‌مین ساڵی زیندانی کردنمه، هه‌موو رۆژێک سپی بوونی به‌شێک له قژم به چاوی خۆم ده‌بینم.
ده‌زانم ئێوه ته‌نها ئه‌و کارانه‌تان له‌گه‌ڵ من و بنه‌ماڵه‌که‌مدا نه‌کردووه، به‌ڵکو ئه‌شکه‌نجه‌تان له دژی هه‌موو رۆڵه‌کانی کورد و له ناویشیاندا که‌سانی وه‌ک زه‌ینه‌ب جه‌لالیان و رووناک سه‌فازاده و... به‌کار هێناوه. چاوی دایکانی کورد هه‌موو رۆژێک له چاوه‌ڕوانیکردنی بینیی رۆڵه‌کانیاندا فرمێسکبارانه. هه‌موو کات له‌وه نیگه‌رانن چی روو ده‌دات و چ ده‌بێت، له‌گه‌ڵ هه‌ر زه‌نگێکی ته‌له‌فۆندا تۆقینی بیستنی هه‌واڵی له‌سێداره‌دانی رۆڵه‌کانیان روویان تێده‌کات.
ئه‌مڕۆ (12)ی گوڵانی (1389)یه که ده‌کاته (2/5/2010) دووباره پاش ماوه‌یه‌کی درێژ منیان بۆ لێکۆڵینه‌وه برد بۆ به‌شی (209)و سه‌رله‌نوێ تۆمه‌ته بێبنه‌ماکانیان دووباره کرده‌وه، داوایان له من کرد هاوکارییان له‌گه‌ڵدا بکه‌م تا بڕیاری له‌سێداره‌دانه‌که‌م هه‌ڵبوه‌شێته‌وه. نازانم داواکردنی ئه‌و هاوکارییه چ مانایه‌کی هه‌یه. چونکه ئه‌وه له کاتێکدایه من هیچی زیاترم له‌وه‌ی وتومه بۆ ووتن نیه. له ئه‌نجامدا داوایان لێکردم ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یڵێن منیش دووباره‌ی بکه‌مه‌وه، به‌س من ئه‌وه‌م قه‌بووڵ نه‌کرد. لێکۆڵه‌ره‌که وتی: ئێمه ده‌مانویست پاره‌که ئازادت بکه‌ین، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌که‌ت هاوکاریان نه‌کردین ئه‌وه ئه‌نجامه‌که‌ی گه‌یشتووه‌ته ئێره. لێکۆڵه‌ره‌که بۆ خۆی دانی به‌وه‌دا نا من ته‌نها بارمتهیهکهم له ده‌ستیاندا و تا به ئامانجه‌کانیان نه‌گه‌ن من ده‌هێڵنه‌وه، یان له‌سێداره‌م ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئازادی هه‌رگیز.
شیرین عه‌له‌م هولی
3/5/2010
Serkeftin